×
البقرةئایەت 213

تەفسیری موختەسەر

كَانَ ٱلنَّاسُ أُمَّةً وَٰحِدَةً فَبَعَثَ ٱللَّهُ ٱلنَّبِيِّـۧنَ مُبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَ وَأَنزَلَ مَعَهُمُ ٱلْكِتَـٰبَ بِٱلْحَقِّ لِيَحْكُمَ بَيْنَ ٱلنَّاسِ فِيمَا ٱخْتَلَفُوا۟ فِيهِ ۚ وَمَا ٱخْتَلَفَ فِيهِ إِلَّا ٱلَّذِينَ أُوتُوهُ مِنۢ بَعْدِ مَا جَآءَتْهُمُ ٱلْبَيِّنَـٰتُ بَغْيًۢا بَيْنَهُمْ ۖ فَهَدَى ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ لِمَا ٱخْتَلَفُوا۟ فِيهِ مِنَ ٱلْحَقِّ بِإِذْنِهِۦ ۗ وَٱللَّهُ يَهْدِى مَن يَشَآءُ إِلَىٰ صِرَٰطٍ مُّسْتَقِيمٍ ﴿٢١٣﴾

خەڵکی پێشتر یەک دەستە و یەک کۆمەڵ و ئوممەت بوون، ھەموویان لەسەر ئاینێکی ڕاست و دروست بوون، لەسەر ئاینی باوکە ئادەم بوون، تا ئەو کاتەی شەیتانەکان ھاتن و گومڕایان کردن، ئیتر لەو کاتەوە جیاوازی کەوتە نێوانیانەوە، نێوان باوەڕدار و بێباوەڕ، ھەر لەبەر ئەمەش خوای گەورە پێغەمبەرانی ڕەوانە کرد، تاوەکو موژدەدەر بن بۆ دەستەی بڕواداران و گوێڕایەڵان بەوەی خوای گەورە بەڵێنی ڕەحمەتی خۆیان دەداتێ، وە ترسێنەریش بن بۆ بێباوەڕان، بەوەی خوای گەورە ھەڕەشەی سزای سەختی خۆی لێکردوون، لەگەڵ پێغەمبەرەکانیشیدا پەرتوک گەلێکی ناردووە کە ھەق و ڕاستی بێگومانی تێدایە، تاوەکو دادوەری بکات لە نێوان خەڵکیدا لەسەر ئەو شتانەی ناکۆک دەبن لەسەری، خۆ ھەر ئەوانە لە تەوراتدا ڕاجیایان تێکەوت لە جولەکەکان کە زانستی تەوراتیان پێدرابوو، دوای ئەوەی ئەو ھەموو بەڵگە و نیشانەی خوای گەورە کە پێی دان کە ئەو تەوراتە ھەق و ڕاستییە لە لایەن خواوە نێردراوە، وە نابێت بەھیچ شێوەیەک ناکۆک بن لە نێوان یەکدا، کەچی بە زوڵم و ستەم ناکۆکیان تێکەوت وپەرت وبڵاو بوون، خوای گەورە بە ئیزن و ویستی خۆی باوەڕدارانی سەرکەوتوو کرد تاوەکو ھەق و ھیدایەت و ڕێنمونی بناسن و جیای بکەنەوە لە گومڕایی و سەرلێشێواوی، بێگومان خوای گەورە ڕێنمونی ھەر کەسێک دەکات بۆ سەر ڕێگای ڕاست کە بیەوێت، ئەو ڕێگا ڕاستەی کە ھیچ خوار و خێچییەکی تێدا نییە، ئەویش ڕێگای باوەڕە.