×
البقرةئایەت 219

تەفسیری موختەسەر

يَسْـَٔلُونَكَ عَنِ ٱلْخَمْرِ وَٱلْمَيْسِرِ ۖ قُلْ فِيهِمَآ إِثْمٌ كَبِيرٌ وَمَنَـٰفِعُ لِلنَّاسِ وَإِثْمُهُمَآ أَكْبَرُ مِن نَّفْعِهِمَا ۗ وَيَسْـَٔلُونَكَ مَاذَا يُنفِقُونَ قُلِ ٱلْعَفْوَ ۗ كَذَٰلِكَ يُبَيِّنُ ٱللَّهُ لَكُمُ ٱلْـَٔايَـٰتِ لَعَلَّكُمْ تَتَفَكَّرُونَ ﴿٢١٩﴾

ئەی پێغەمبەر ھاوەڵانت پرسیارت لێدەکەن لەبارەی مەیەوە، (مەی بە ھەموو شتێک دەوترێت کە عەقڵ وژیری مرۆڤ داپۆشێت ولای بات)، پرسیارت لێدەکەن لە حوکمی خواردنەوە و فرۆشتن وکڕینی؟ وە پرسیارت لێدەکەن لەبارەی حوکمی قومارەوە، (قومار: ھەر ماڵێک بەڕێگای پێشبڕکێ بەدەست بێت، بەشێوەیەک ھەر دوو لایەنی پێشبڕکێکار بەشدار بن لەدانانی ئەو ماڵەی کە دواتر یەکێک لە بەشدار بووەکان دەیباتەوە)، تۆیش لەوەڵامیاندا بڵێ: مەی وقومار کردن خراپە وزیانی گەورەی دین ودونیای تێدایە، لە لەدەستدانی عەقڵ وژیری وماڵو سامان، ودروستکردنی دوژمنایەتی وڕق وکینە لە نێوان خەڵکی، وە ھەندێک سوودی کەمی بەدەستھێنانی ماڵ وپارەیشی تێدایە، بەڵام زەرەر وزیان وگوناھیان گەورەترە لە سوود وقازانجیان، ھەر شتێکیش زەرەر وزیانی گەورەتر بێت لە سوود وقازانجی مرۆڤی ژیر لێی دوور دەکەوێتەوە، ئەم ڕوونکردنەوەیەش لە لایەن خواوە ڕێخۆشکردنێک بوو بۆ حەرامکردنی مەی، وە ھاوەڵانت پرسیارت لێدەکەن ئەی پێغەمبەر لەبارەی ئەندازەی ئەو ماڵەی وەک بەخشین وتەطەوع لە پێناوی خوا دەیبەخشن، تۆیش لەوەڵامیاندا بڵێ: لەو ماڵو سامانە ببەخشن کە زیادە لە پێداویستی خۆتان (ئەمەش لەسەرەتای ئیسلامەوە بوو، پاشان خوای گەورە زەکاتی فەرز کرد لەسەر باوەڕداران لە ماڵو سامانێکی تایبەت، بە ئەندازەیەگیریەکی دیاریکراو) بەم شێوە ڕوونکردنەوەیە کە ھیچ تەم ومژێکی تێدا نیە خوای گەورە ئەحکامی شەریعەتەکەی بۆ روونکردونەتەوە، تاوەکو بەڵکو بیر بکەنەوە وتێرامێنن.